دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای پەرلەمانتارێک لەبارەی دەستووری هەرێم رەتدەکاتەوە

دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەبارەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم رەتکردەوە.

سکاڵاکە لەلایەن باسم خەشان ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پێی ماددەی 120ی دەستووری عێراق تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە، لە ماوەیەکی کورتدا دەستووری هەرێم دابنرێت و سنووری دەسەڵاتەکانی و شێوازی جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکانی دیاریبکرێن، بەجۆرێک ئەو دەستوورە ناکۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق.

لە وەڵامدا دادگای فیدڕاڵی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە (15ـی ئەیلوولی 2022) لە بڕیارێکدا ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە و رایگەیاندووە بەپێی دەستووری عێراق و یاسای دادگای فیدراڵی لە تایبەتمەندی ئەو نییە بڕیار لەسەر داوایەکی لەو شێوەیە بدات.

لە بڕیارەکەشدا هاتووە دەبێت، پەرلەمانتار باسم خەشان تێچووی دادگاییەکە و کرێی پارێزەرەکان بدات کە بڕەکەی 100 هەزار دینارە.