دەزگای ئاسایشی نیشتمانی: خاوەن چەند کۆمپانیایەکی بەقاچاخبردنی دراو دەستگیرکران

دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق رایگەیاند، خاوەنى چەند کۆمپانیایەکى "گەورە"یان دەستگیرکردووە، بەتۆمەتى یاریکردن بە نرخى دراو و بەقاچاخبردنى.

ئێوارەی 2ى شوباتى 2023، ئەرشەد حاکم، وتەبێژى دەزگاى ئاسایشى نیشتیمانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ژمارەیەک لە خاوەنى "کۆمپانیا گەورەکان"یان دەستگیرکردووە کە بەوتەى ئەو، یارییان بە نرخی دراو کردووە و بەقاچاخ بردوویانەتە دەرەوە.

وتیشی، "ئەو پرۆسەیە لەدواى هەوڵى هەواڵگرى و لەسەر بنەماى فەرمانى دادوەر بووە و ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاکو سەرجەم داواکراوان دەستگیردەکرێن لە چوارچێوەى پلان و هەوڵى حکومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بەقاچاخبردنى دراو".

بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق، بەیەکێک لە هۆکارەکانى دابەزینى بەهاى دینار دەزانرێت بەرامبەر بە دۆلار، کە بەهۆیەوە لە 2ى شوبات بۆ یەکەمجار بەهاى 100 دۆلار گەیشتە 176 هەزار دینار.