حەلبووسی پیرۆزبایی ئاڕاستەی مەسعود بارزانی دەکات

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پیرۆزبایی هەڵبژاردنەوەی مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی 14ـی ئەو حیزبەدا کرد کە لە دهۆک بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2022، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە مەسعود بارزانی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی و هەروەها پیرۆزبایی لە حیزبەکەش کرد بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەی 14 و تیایدا هاتووە، "جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی 14 پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر ناوی ( نوێبوونەوە - دادپەروەری - پێکەوەژیان) و دووبارە نوێکردنەوەی متمانە پێتان وەک سەرۆکی حیزب".

ئەوەش دەڵێت، "تێکۆشانی دووروودرێژتان لە کاروانی خەبات و فیداکاری و پابەندیی کۆمەڵانی خەڵک و کادیرانی حیزب و شانازییان بە سەرکردایەتیان دڵنیایی دەدات و هیچ گومانێکی تێدا نییە لە زەروورەتی بەردەوامیتان لە لووتکەی سەرکردایەتیی حیزب، ئەوەش وەک پشتیوانی بۆ کاروانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری گەلی هەرێم و رۆڵی لە پتەوکردنی ئەزموونی دیموکراسی لە عێراق".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد و مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە و نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانیش بە جێگری دووەمی هەڵبژێردران.