حەلبوسی و باڵیۆزی ئەمریکا ئاسایش و سەقامگیریی تاوتوێ دەکەن

ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاریکاری زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیا جیاکان

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە و باسیان لە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی پتەوکردنی هاریکاری کردووە، هەروەها جەختیانکردوەتەوە لەبەردەوامی کاری هاوبەش لەسەرجەم بوارەکان بەتایبەت بوارەکانی ئاسایش و سەقامگیریی.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی کرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق و پیرۆزبایی لەناوبراو کردوە بە بۆنەی وەرگرتنی ئەرکە نوێیەکەی.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو وڵات و رێگەکانی پتەوکردنی هاریکاری کرا بەو جۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندیەکانی هەردوو گەل دەکات، جەختکراوەتەوە لەسەر پشتیوانی لە هێزە عێراقیەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەپێی دانوستانی ستراتیژی.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا باسی لەوکردووە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاریکاری زیاتر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیا جیاکان و جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی وڵاتەکەی لە پشتیوانی کردنی عێراق لەسەرجەم بوارەکان بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری.