حکومەتی ھەرێم: پێشێلکارییەکانی ئێران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت

کومەتی هەرێم راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئێران بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ئێران لە هەرێم بڵاوکردەوە و داوا لەو وڵاتە دەکات، "ئەم شاڵاوە لە دژی هەرێمی کوردستان رابگرێت."

لە راگەیەندراوەکەیدا لەبارەی هێرشەکانی ئێرانەوە، حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، "بە تووندترین شێوە ھێرشی شەوی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین."

حکومەتی هەرێم دەڵێت، پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، "ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندیی دراوسێیانەیە."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا داوا لە ئێران دەکات، "ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە سەقامگیری، ھەرگیز لەڕێگەی تووندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت."

هاوکات حکومەتی ھەرێم داوا لە "دۆست و ھاوبەشانی لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات، ھەڵوێستێکی روون و راشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت."