حکومەتی هەرێم لەبارەی 200 ملیار دینارەکە زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “ڕاپۆرتێکی وردمان لەبارەی خەرجییە نانەوتییەکان ڕادەستکرد کە هەموو بیانوو و قسەڵۆکەکان لەبارەی هەرێمی کوردستان دەڕەوێنێتەوە”.

شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و عێراق لە بەغدادن و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە.

لایخۆیەوە ئومێد سەباح وتی، “لەو راپۆرتەدا  کە ڕادەستمان کرد باس لەوە کراوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ پێدانی هەموو زانیارییەکان، لەو راپۆرتەدا سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و هەموو خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و میلاکی حکومەتی تێدا جێگیرکراون".

باسی لەوەشکرد، هەنگاوەکەیان دەریدەخات هەرێمی کوردستان نیازی کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراقی هەیە، وتیشی، “ئێمە پاڵپشتی شەفافیەت دەکەین لە کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.".

ئومێد سەباح لەبارەی ناردی 200 ملیار دینارەوە ئاشکرایکرد، “ئەو راپۆرتە هەموو ئەو بیانوو و قسەڵۆکانەی باسیان لەوە دەکرد گوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت زانیارییەکان پێشکەش بکات، دەڕەوێنێتەوە و هیوامان وایە وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵەیەکی تەندروست لە بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکات".