حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی و ئابووری فیدڕاڵ سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی کە ئەمڕۆ بە فەرمی راگەیەنرا، بەڵام پێزانینی زۆری هەبووە بۆ دەستکەوتەکان و هەنگاوەکانی حکومەتی بە گرنگ زانیوە.
حەسەن نازم ئەمڕۆ سێشەممە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، عەلی عەلاوی، وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی و ئابووری رێزێکی زۆری بۆ دەستکەوتەکانی حکومەت دەربڕی و لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراویشدا ئاماژە بە تایبەتمەندی و گرنگی دەستکەوتەکان کراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە حکومەت گرفتی بۆ دروستبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی و ئابووری باوەڕی وابوو کە گەشەی ئابووری عێراق بەشێوەیەکی خێرا هەنگاو دەنێت و ئەوەش خاڵێکی ئەرێنی سیاسەتی ئێستای حکومەتە، هەروەها جەختی لەوەکردووەتەوە کە حکومەت پابەندبووە بەو بەڵێنانەی کە بە عێراقییەکانی داوە.
دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەلاوی، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئیحسان عەبدولجەباری راسپارد کە سەرەڕای پۆستەکەی خۆی کە وەزیری نەوتە، ئەرکی وەزیری داراییش بە وەکالەت بەڕێوەبەرێت.