حکومەتی عێراق سەرجەم کار و پڕۆژەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەڵوەشاندەوە

بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 08-11-2022، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی سێیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و تیایدا گفتوگۆ کرا لەبارەی دۆخی سیاسی و ئاسایشی وڵات و ژمارەیەک بابەت و دۆسیەی ئابووری.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک و بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوکی پەسند کرد؛ هاوکات بڕیاریدا ئیحسان عەوادی لە شوێنی رائید جوحی وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران دابمەزرێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا چوار ئەنجومەنی وەزاریی پێکهێندران.

ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنوێنی سەرجەم وەزیرەکانی کردووە کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دوانەخەن و سەرجەم فەرمانەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی دامەزراندن و راسپاردنی سەرۆکی دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان و پلە تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان هەڵبووەشێننەوە، ئەوەش "پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە لە مانگی ئایاری رابردوودا دەرچوو".

لەبارەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵا و دەرچووە یەکەکەمان کە ژمارەیان زیاتر لە 74 هەزار کەس دەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایکرد سوود لە پسپۆڕییەکانیان وەربگیرێت و لەنێوان وەزارەتەکان دابەش بکرێن.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا چەند ئەنجومەنێک پێکبهێندرێت بەمشێوەیەی خوارەوە:

یەکەم: پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری لە:

1- جێگری سەرۆکوەزیران/ وەزیری دەرەوە/ سەرۆک.
2- جێگری سەرۆکوەزیران/ وەزیری پلاندانان/ ئەندام.
3- وەزیری دارایی/ ئەندام.
4- وەزیری بازرگانی/ ئەندام.
5- وەزیری کشتوکاڵ/ ئەندام.
6- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی/ ئەندام.
7- وەزیری پیشەسازی و کانزاکان/ ئەندام.
8- ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران/ ئەندام.
9- پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی/ ئەندام.
10- سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان/ ئەندام.
11- راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران/ ئەندام.
12- راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیران/ ئەندام.
13- سکرتێری ئەنجوومەن.

دووەم: پێکهێنانی ئەنجوومەنی وەزاریی وزە لە:

1- جێگری سەرۆکوەزیران/ وەزیری نەوت/ سەرۆک.
2- وەزیری دارایی/ ئەندام.
3- وەزیری سەرچاوەکانی ئاو/ ئەندام.
4- وەزیری کارەبا/ ئەندام.
5- سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی لە ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران / ئەندام.

سێیەم: پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ خزمەتی کۆمەڵایەتی لە:

1- جێگری سەرۆکوەزیران/ وەزیری پلاندانان/ سەرۆک.
2- وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانی/ ئەندام.
3- وەزیری تەندروستی/ ئەندام.
4- وەزیری داد/ ئەندام.
5- وەزیری گواستنەوە/ ئەندام.
6- وەزیری کۆچ و کۆچبەران/ ئەندام.
7- وەزیری ژینگە/ ئەندام.
8- سەرۆکی دەستەی راوێژکاران/ ئەندام.
9- سکرتێری ئەنجوومەن / ئەندام.

چوارەم: پێکهێنانی ئەنجومەنی وەزاری بۆ پەرەپێدانی مرۆیی لە:

1- وەزیری تەندروستی/ سەرۆک.
2- وەزیری پەروەردە/ ئەندام.
3- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی/ ئەندام.
4- وەزیری رۆشنبیری/ ئەندام.
5- وەزیری لاوان و وەرزش/ ئەندام.
6- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ ئەندام.
7- وەزیری گەیاندن / ئەندام.
8- راوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ کاروباری ستراتیژی/ ئەندام.
9- ئەندامێک لە ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران/ فەرمانگەی کاروباری ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەکان/ سکرتێری ئەنجومەن.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەندێک بڕیاری دیکەی دا:

یەکەم: پەسندکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای پشتیوانیی پڕۆژە بچووکە داهات سنووردارەکان.

دووەم: پەسندکردنی راسپاردەی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لەبارەی بە فەرمیی کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکوک و دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک. ئەمەش بەپێی نووسراوی دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (4964 لە 17 ئاداری 2022).

سێیەم: رەزامەندیدان لەسەر کشانەوەی راسپاردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەبارەی دامەزراندنی رائید جوحی حەمادی ساعدی لە پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران.

چوارەم: دامەزراندنی ئیحسان یاسین شاکر حوسێن عەوادی لە پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیران، پاڵپشت بە ماددەی (80/ بەندی پێنجەم) و راسپاردنی ناوبراو تاکو بەشێوەیەکی فەرمی دادەمەزرێت.

پێنجەم:

1- هەڵوەشانەوەی بڕیاری تەرخانکردنی بڕی (70) ملیار دینار بۆ نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران( 226ی ساڵی 2022) و تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ وەزارەتی ناوخۆ.

2- کۆی ئەو 70 ملیار دینارە تەرخان بکرێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی تیمی هەوڵە خزمەتگوزاریی و ئەندازەییەکان و دابینیکردنی پێویستی قوتابخانەکان، کە کەموکوڕی زۆریان لە کورسی دانیشتن هەیە.