حكوومەت بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان چەند پێشنیازێک تاوتوێ دەكات
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان رایدەگەیەنێت، میكانیزمێكی گونجاو بۆ دابینكردنی نەوتی سپی دەدۆزرێتەوە و هەر كەسێک دەستكاریی كوالێتیی بەنزین بكات رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان تێیدا هاتووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان و پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان، كەمال محمد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی وەزارەتی كرد.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان گفتوگۆ لەسەر چەند پێشنیاز و بۆچوونێک كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیری سامانە سروشتییەكان باسی لە كوالێتیی بەنزین كردووە و ئەو كەسانەی دەستكاریی كوالێتیی بەنزین دەكەن و بەنزینی خراپ بە خەڵكی دەفرۆشن، رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.