حكومەتی عێراق دەستكاری خشتەی مووچەی فەرمانبەران دەكات

راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عیراق رایگەیاند، 14 ساڵە گۆڕانكاری لە خشتەی مووچەی فەرمانبەراندا نەكراوە و حكومەتی نوێ هەوڵدەدات پشتگیری زیاتری چینی هەژار و ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنووردارە.


مەزهەر محەمەد ساڵح لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، لەساڵی 2008وە واتە 14 ساڵ لەمەوبەر، هیچ گۆڕانكارییەک لە خشتەی مووچەی فەرمانبەرانی عیراقدا نەكراوە، دەساتكاریكردن‌ و هەمواركردنەوەی ئەو پەیكەربەندیەش كارێكی پێویستە لە هەموو سیستمێكی كارگێڕی و داراییدا.


وتیشی، مووچەی فەرمانبەرانی عیراق لەسەدا 42ی كۆی خەرجیەكانی حكومەت پێكدەهێنێت، ئەوەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر ئابووری وڵات دروستكردووە، جگە لەوەش جیاوازی و نایەكسانی لەنێوان مووچەی وەزارەتەكاندا هەیە، هەروەها كێشە لە كەمترین مووچەشدا هەیە، بۆیە پێویستە سنوورێک بۆ ئەوە دابنرێت و بژێویی ژیانیان لەبەرچاو بگیرێت.


راوێژكاری دارایی سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوەشكرد، حكومەتی نوێ بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سوودانی هەوڵدەدات بۆ پشتگیری چینی هەژار و ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنووردارە، ئەوەش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بەجێماوە كە بیخاتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەوە.