حزبه‌كه‌ی مالیكی: کەسانێک ھەوڵدەدەن ئاگری دووبەرەکی لە عێراق خۆش بکەن

حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق رایگەیاند کە کەسانێک ھەوڵدەدەن ئاگری دووبەرەکی لە عێراق خۆش بکەن و ھۆشداری دایە لایەنە سیاسییەکان لەوەی نەکەونە ناو ململانێکەوە کە لە بەرژەوەندی وڵاتدا نییە.

حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نوری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات راگەیەندراوێکی سەبارەت بەو تۆمارە دەنگییانەی کە دزەی پێکراوە و دەگوترێت مالیکی-یە، بڵاوکردەوە و تیایدا کەسانێک بەوە تۆمەتبار دەکات کە لەگەڵ لێکەوتەکانی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، ئاگری دووبەرەکی لە عێراق خۆش دەکەن و ھاتووە "ئەو کەسانە ھەوڵدەدەن، ئاگری دووبەرەکی لەنێوان ئێمەی رۆڵەی سەدر خۆش بکەن".

راشیگەیاندووە، "نەچووینەتە نێو ململانێی حزبی لەگەڵ ھیچ لایەنێک کە دژبە ئامانجە نیشتمانیی و ئیسلامیی بێت، بەڵام کەسانێکی لەرزۆک و چەند دەزگایەکی نھێنیی ناوخۆیی و دەرەکیی ھەوڵدەدەن ئاگری دووبەرەکی لە عێراق خۆش بکەن، چونکە دەیانەوێت عێراق ببێتە چەقی ململانێ، ئەوەیش لە رێگای دزەپێکردن و بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگیی کە ساختە و دەستکاریی کراوە".

حزبی دەعوە ئاماژەی بەوەداوە کە ناچنە ناو دووبەرەکییەکی کوێرانە و رایگەیاندووە، "ھۆشداری دەدینە لایەنە سیاسییەکان لەوەی نەچنە نێو ململانێکەوە کە لە بەرژەوەندیی نیشتماندا نەبێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی دوژمنانی ئیسلام بێت.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ 18ی تەمووزی 2022، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەتوندی وەڵامی ئەو تۆمارە دەنگییەی کە دزەی پێکراوە کە دەگوترێت مالیکی-یە دایەوە و رایگەیاند، "لە لایەن حزبی دەعوە و گەورەکەیان کە مالیکی-یە، ھەڕەشەی کوشتنم لێکراوە".

موقتەدا سەدر داوای کرد کە لەلایەن سەرکردەی کوتلە ھاوپەیمانەکانی مالیکی و پیاوماقوڵانی عەشیرەتەکەی سەرکۆنەی ھاوبەشی نوری مالیکی بکرێت.

لە 13ی تەمووزی 2022، یەکەم تۆماری دەنگی دزەپێکراو کە گوایە دەنگی نوری مالیکی-یە بڵاوکرایەوە کە تیایدا ھێرشی توند دەکاتە سەر موقتەدا سەدر و رەوتی سەدر و بە ترسنۆک ناویان دەبات.