جەعفەر سەدر لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کشایەوە

کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان لە کاندیبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کشایەوە

کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان لە کاندیبوونی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کشایەوە و رایگەیاند، ئێستا کاتی کشانەوە و داوای لێبوردن کردنە.

محەمەد جەعفەر سەدر، کاندیدی هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای قبووڵکردنی دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە تویتێکدا رایگەیاند، لەسەر داوای موقتەدا سەدر کاندیدبوونم قبووڵکرد، وەک پشتیوانییەک بۆ پرۆژە چاکسازییە نیشتمانییەکەی، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە داوای لێبوردن بکەم و کشانەوەم رابگەیەنم. سوپاسی هاوپەیمانی رزگاری نیشتمان دەکەم بۆ متمانەیان پێم.

لای خۆیەوە حاکم زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی ئاراستەی موقتەدا سەدر کرد و دوای قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەیان رایگەیاند، تۆ باشتر بەرژەوەندییەکان دەزانیت و قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەشمان بۆ رزگارکردنی خەڵکی عێراقە لەم کێشانە.