وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یێنێت، لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق بكه‌ن، به‌ڵام چاوه‌ڕێی به‌غدان بۆ ئه‌وه‌ی واده‌ی سه‌ردانه‌كه دیاریبكات. ده‌شڵێت: هیچ بیانوویه‌ک نه‌ماوه به‌غداد ناچاربكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێكنه‌كه‌وێت و ئێمه جددین بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10ـی تشرینی دووه‌می 2022، جووتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی یاسای بودجه‌ی هه‌رێم، دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێم، سه‌ردانی شاندی حكومه‌ت بۆ به‌غداد رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه.
رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداد
له‌باره‌ی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی عێراق، كه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، د.جووتیار عادل رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆیه‌م به شێوه‌یه‌كی تایبیه‌ت هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نیه‌تی جددیی هه‌بووه بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێكبكه‌وێت، رێككه‌وتنیش كرابوو، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كراوه. گوتیشی: ئێستاش ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا کار بكه‌ین، له‌وبارەیه‌وه لیژنه‌یه‌ك پێكهێندراوه و چاوه‌ڕێی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر بابه‌تی نه‌وت، بودجه، مادده‌ی 140 و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستان.
له‌باره‌ی ناردنی به‌شه بودجه‌ی مانگانه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، پێشووتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق له‌باره‌ی پرسی بودجه و چۆنیه‌تی ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێنه‌كراوه، ئێستاش جددین و دەیانەوێت له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه رێككه‌وتن بۆئه‌وه‌ی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور بنێردرێن.
ناوبراو دووپاتیده‌كاته‌وه هیچ بیانوویه‌ک نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا ناچاربكات له‌گه‌ڵ هه‌ولێر نه‌گاته رێككه‌وتن و روونیكرده‌وه، هه‌ماهه‌نگیه‌كی باش له‌نێوان دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان و دیوانی چاودێری عێراق هه‌یه و، سه‌رجه‌م داته‌كانیان له‌باره‌ی خه‌رجی و داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێدراون، بۆیه له‌و بڕوایه‌دان هیچ بیانوویه‌ك نه‌ماوه وا له به‌غدا بكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم نه‌گاته رێككه‌وتن. گوتیشی، پێشووتر لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق رێككه‌وتنیان له‌باره‌ی زۆرینه‌ی بابه‌ته‌كانه‌وه كردووه، به‌ڵام ئێمه كار له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی برگه‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه ده‌كه‌ین.
یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان
گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه 9ـی تشرینی دووه‌می 2022، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زیرانی پلاندانان و دارایی و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداری راسپاردووه بۆ ئه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌بكه‌ن. گوتیشی: بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته به بودجه‌ی حكومه‌تی عێراقه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین بڕی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ده‌بێت.
نیگه‌رانییه‌كی تیمی یه‌كێتی
له‌باره‌ی نیگه‌رانییه‌كانی تیمی یه‌كێتی له‌نێو حكومه‌تی هه‌رێمدا و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، تێوه‌گلانی حكومه‌ت له ملاملانێیه سیاسییه‌كان كارێكی خراپه و هیوادارن حكومه‌ت له‌و ململانێیه سیاسانه دووربخرێته‌وه. گوتیشی: كاری ئێمه دابینكردنی ئاسایشه بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌مانه‌وێت سه‌رجه‌م هاووڵاتیی، فه‌رمانبه‌ر و كاسبكاران هه‌ست به ئارامی بكه‌ن و كاتێك له كاره‌كانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه، هه‌ست به ترس و دڵه‌ڕاوكێ نه‌كه‌ن.
دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم دووپاتیده‌كاته‌وه، پێشووتر له‌سەر پرسی نه‌وت، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق رێككه‌وتنیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وت به هه‌رێمی كوردستان بفرۆشن، نه‌ك به بێبه‌رامبه‌ر پێیان بده‌ن. راشیگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق یه‌ك به‌رمیلی نه‌وت به 30 هه‌زار دینار ده‌داته هاووڵاتییانی باشوور و خوارووی عێراق، به‌ڵام تا ئێستا یه‌ك لیتری بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌ناردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نۆ ملیار دیناری حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لای حكومه‌تی عێراقه، كه بڕیار وابوو نه‌وتمان بۆ بنێرێت، به‌ڵام نه نه‌وتیان نارد و نه پاره‌ی ئێمه‌یان گه‌ڕانده‌وه.