جوتیار عادل: چاوەڕێی ئەوەین کاتێک دیاریبکرێت و لەگەڵ بەغداد کۆببینەوە

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئامادەن هەر كاتێک پێویست بکات سەردانی بەغداد بكەن و چاوەڕێی ئەوەن كاتێک دابنرێت بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ به‌غداد كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتە گرنگه‌كان بكەن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ـی كانوونی دووه‌می 2023، د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە پێگەی فەرمیی حکومەتی راگەیاند، "کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدادیان کردووە و چەندین لێژنە بۆ كۆمەڵێک بابەتی وەک پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق و دۆسییەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکهێنراون و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی هەرێم و فیدراڵدا هەیە".

وتیشی، "دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێک پێویست بکات سەردانی بەغداد بكەین و چاوەڕێی ئەوەین كاتێک دابنرێت بۆ ئەوەی پێكەوە كۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە بكەین كە ئاماژەم پێدان، لەگەڵ كۆمەڵێک بابەتی تر كە پەیوەستن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە. بۆیە ئێمە وەک حكومەت ئامادەین هەر کاتێک دیاری کرا سەردانی بەغداد بكەین".