جوتیار عادل: جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەینەوە

حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی لەسەر هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر کەرکوک بڵاوکردەوە و جەخت لە گرنگیی هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی هێرشێکی تیرۆریستانی داعشەوە لە باشووری رۆژئاوای کەرکوک، ئەفسەرێک و چەندین کارمەندی پۆلیس شەهید بوون و چەند پۆلیسێکی دیکەش بریندار بوون".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و خۆمان بە هاوخەمیان دەزانین، لە خوای گەورە داواکارین شەهیدەکان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بریندارەکانیش بدات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لێرەوە بۆ جارێکی دیکە جەخت لە گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم".

جێی باسە، تیرۆریستانی داعش له‌ رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبی چێندراوه‌وه، پاشان رووبەڕووبوونەوە له‌ رێگه‌ی چه‌ک و بۆمبی ده‌ستییه‌وه‌ هێرشیانكردووه‌ته‌ سه‌ر كاروانێكی پۆلیسی فیدڕاڵی.