تانکەرێک لە ناوچەی بنوکی رۆژھەڵاتی بەغداد کە گازی خواردنەوە گازییەکانی گواستووەتەوە تەقییەوە و، بەهۆیەوە ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون. لیوا ئەحمەد سەلیم، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداد لەمبارەیەوە رایگەیاند، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12ـی دیکەش بریندارن.
لیوا ئه‌حمه‌د سه‌لیم، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غداد له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا له شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له كۆتایی گه‌ڕه‌كی قاهیره له ناو گەراجی راگرتنی ئۆتۆمبێل روویداوه، وا دیاره تانكه‌رێكی غاز بووه و ته‌قیوه‌ته‌وه.
وتیشی، “ته‌قینه‌وه‌كه بووه‌ته هۆی سووتانی به‌شێكی تانكه‌ره‌كه و ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌نزیک رووداوه‌كه بوون به‌تایبه‌ت له نزیک یاریگایه‌كی تۆپی پێ و هه‌روه‌ها نزیكیش بووه له چایخانه‌یه‌ک كه قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆری تێدابووه، له ناوچه‌ی تاڵبیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی به‌غداد”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ته‌قینه‌وه‌كه بووەته هۆی گیانله‌ده‌ستدانی نۆ هاووڵاتی و برینداربوونی 12 كه‌سی دیكه، وه‌ک ده‌رئه‌نجامی كۆتایی كه ئێستا له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌رمانگرتووه”.
باسی له‌وه‌شكردووە، “تیمه‌كانی به‌ڵگه و تاوان له شوێنی رووداوه‌كه و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌مه‌به‌ستی ده‌رخستنی هۆكاری سه‌ره‌كی ته‌قینه‌وه‌كه ده‌ستپێكردووه”.