تیمی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • تیمی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

تیمی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
تیمی پارتی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە یەکێتی دەکات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان
0

لایک

تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا داوا لە تیمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات هاوکاریان بن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2023، تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکومەت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە تیمی یەکێتی لە حکومەت دەڵێت، “بەشدارینەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی واتسئاپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، واتای راکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری”.

دەقی راگەیەندراوی تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان

دوابەدوای پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زۆر بەڕوونی باسی لەو کێشانە کرد کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دروستیان دەکات بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە هەمانکاتدا، چارەسەرەکەشی خستەڕوو، بەڵام بەداخەوە تیمی یەکێتی لە بری گفتوگۆکردن و کۆبوونەوە، بە کاردانەوەی لاواز وەڵامیان دایەوە. بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەو راستییانە بخەینەڕوو:

‏‎- بەشداری نەکردن لە هەندێک لە کۆبوونەوەکانی حکومەت و دەرچوون لە گرووپەکانی وەتسئەپ، هەروەها ئامادەنەبوونتان بۆ چارەسەری کێشەکان و باسکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، واتای راکردنە لە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی و ئیداری.

‏‎- خەڵکی کوردستان هۆشیارە و داواکارین ئێوەش بگەڕێنەوە سەر گوتار و دیدار و قسەکانی ساڵانی پێشووتان کە چۆن باس لە دەستکەوت و کار و چالاکی و سەرکەوتنی کابینەی نۆیەم دەکەن، ئەگەر کەموکوڕیێکیش لەم کابینەیەدا بوونی هەبێت، ئەوا لە ئاکامی ئەو سیاسەت و رێگریەیە کە یەکێتی پیادەی دەکات. دەتانەوێت لاوازی پێگەی حیزبی، سیاسی، دیپلۆماسی و جەماوەریتان و کێشە ناوخۆییەکانتان بەوە دابپۆشن کە رێگە نەدەن حوکمڕانیێکی سەرانسەری و شەفاف لە دارایی و داهات و حوکمی یاسا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجام بدرێت و میلیشیا ئاسا، ئەم سیاسەتەتان لەسەر خەڵکی بسەپێنن و بڵێن ئێمە ئەگەر دەنگ و کورسیشمان کەم بێت، بەڵام خۆمان فەرز دەکەین. خەڵک و دۆست و ناحەزانیش شایەدی بۆ ئیدارەدانی ئێوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەدەن کە خەڵک لە چ نائارامی و بێ خزمەتگوزاریێكدا ژیان بەسەر دەبەن.

‏‎- ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە هێز بۆ رێگریکردن لە کاری دزێو و دژ بە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بۆ هەموو سنوورەکانی هەرێم بنێرێت و نەگوتراوە تەنیا بۆ سنووری پارێزگای سلێمانییە، بەڵام لەبەرئەوەی خۆتان دەزانن لە سنوورەکانی پارێزگای سلێمانی چی دەگوزەرێت، بۆیە رێگری لە دەستپێشخەریێکی وا دەکەن. بفەرموون هەرچی خۆتان پێتان وایە شارەزایە و بە دڵتانە و خەڵکی خۆتانە با لەگەڵ هێزەکە بێت بۆ هەموو سنوورەکان.

‏‎- پڕۆسەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە کابینەکانی رابردوو ئەنجامدراوە کە جێگرەکانی سەرۆکی حکومەت سەر بە یەکێتی و بە تایبەتیش بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) لە ئاستی باڵای ئەم حیزبە، لە چەندین بۆنە گوتووتانە ئاگاداری وردەکارین و لە کابینەی رابردوو تا ئێستا بە سەرپەرشتیی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کە سەر بە یەكێتییە، کۆمپانیایێکی باوەڕپێکراوی جیهانی تایبەتمەند لەم بوارە، سەرپەرشتی وردبینی فرۆشتنی نەوت دەکات.

‏‎- کەس ناتوانێت لە سنووری پارێزگای هەولێر هەڕەشە بکات، ئەوەی لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆكوەزیران بووە، تەنیا پەیوەندیێکی تەلەفۆنی بووە لەگەڵ برادەرێکی کۆنی خۆی، بەڵام ئەگەر بتانەوێت ئاستی ئەم کارە تیرۆریستییەی بەرامبەر (شەهید هاوکار جاف) لە پایتەخت ئەنجامدرا بەراورد بکەن لەگەڵ ئەمە، ئەمە خەیاڵ پڵاوییە.

  • ئێمە هەر لە رۆژی یەکەمی تیرۆرکردنی شەهید هاوکار جاف بە نامەی فەرمی داوامان لێکردن کە هاوکاربن لە لێکۆڵینەوە لە تۆمەتباران، بەڵام ئێوە خۆتان لەم بابەتە دزییەوە و تائێستاش ئامادە نین تۆمەتباران بێنە بەردەم دادگە.

‏‎- هەڵبژاردن رێکار و یاسای خۆی هەیە، ناکرێت لە ترسی ئەوەی دەنگەکانتان زۆر کزبووە بڕوبیانوو بدۆزنەوە، لە کوێی دونیا هەیە حیزب ببێتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەیێکی دیموکراسی، بفەرموون با لە پەرلەمان لە چوارچێوەی یاسا، هەر گفتوگۆیەک هەیە بکرێت. ئایا پارتی ئەم یاسایەی داناوە؟ مەگەر ئێوەش وەک پارتی و بگرە زیاتریش، دەستتان لە دەرکردنی هەموو یاساکانی پەرلەمان و بڕیارەکانی حکومەت نەبووە؟

‏‎- داواتان لێدەکەین نەبنە رێگر لەبەردەم بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا پێویستە هاوکاربن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان، ئەوکات بەرپرسیاریەتی دیاردەبێت، ئەگەر لە گۆشتەکە بەشتان هەیە و بەشتان دەوێت، لە گۆشتاوەکەشی کەمێک بخۆنەوە.