تیمی وەزاری پارتی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تیمی وەزاری یەکێتی دەداتەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • تیمی وەزاری پارتی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تیمی وەزاری یەکێتی دەداتەوە

تیمی وەزاری پارتی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تیمی وەزاری یەکێتی دەداتەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
تیمی وەزاری پارتی لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی تیمی وەزاری یەکێتی دەداتەوە
0

لایک

تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لە وەڵامی تیمی وەزاری یەکێتیدا دەڵێت، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی کردووە و داواشی لە تیمی وەزاری یەكێتی کردووە بەشداریی کۆبوونەوەکان نەکەن.

ئەوەش تیایدا هاتووە، “جێگری سەرۆکوەزیران لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد”.

دەقی راگەیەندراوەکەی تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بەڵێ ئێوە بایکۆتتان کردووە ئیتر بۆ بە گوتنی راستییەکان قەڵس دەبن

دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە شاری هەولێر ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوونی عەقید هاوکار جاف کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و دڕندانە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەکانی تیرۆر کرا و دوای ئەوەی هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، تۆمەتبارانیان دۆزییەوە و بە بەڵگەی تەواوەوە لەسەر کەناڵەکانی راگەیاندن دانیان بە تاوانەکەدا نا، چاوەڕوان دەکرا بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران هاوکاری دادگاکان بکات، کەچی خۆی و سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئەم تاوانە قێزەونە پەردەپۆش بکرێت و سازشی لەسەر بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر پەردەپۆشکردنی تاوانەکە نەکرا، بۆیە جێگری سەرۆکوەزیران بڕیاریدا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و داواشی لە تیمی وەزاری یەکێتی کرد بەشداریی کۆبوونەوەکان نەکەن.

هەرخودی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران لەسەر بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رێگری کرد و نەیهێشت وەزیرەکانی یەکێتی بۆ جاری دووەم بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆیە شاندەکە لە ئێوارەی 12/11 بە سەرۆکایەتیی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووری گەڕانەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان و داکۆکیکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە کاروبارەکانی حکومەت دووربن لە هەموو کێشەیەکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەڵام بەداخەوە تیمی وەزاری یەکێتی لەم ڕووەوە هاوکار نین.

ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ، دەنگی لەسەر ناردنی 400 ملیار دینارەکەدا وەک دەربڕینی نیازپاکی و پابەندبوون بەو رێککەوتننەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ کراوە، هەروەها لەسەر بنەمای کارنامەی وەزاریی حکومەت، کەچی راگەیاندنی فەرمی یەکێتی هەر زوو خۆی کردە خاوەنی ئەم بڕیارە کە گوایا بە هەوڵی یەکێتی ئەم بڕیارە دراوە، لە کاتێکدا تیمی وەزاری یەکێتی بە ئاشکرا ئامادەنەبوو بچێتە بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

بە داخەوە ئێوە هەمیشە خۆتان دەکەنە شەریک و خاوەنی دەسکەوتەکان، بەڵام لە کاتی پێویستیشدا لە بەرپرسیاریەتی رادەکەن و ئامادەنین بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژوەندییە تایبەتی و حیزبییەکانتان.

تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان