تۆڕێکی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە باشووری عێراق دەستگیر دەکرێن

دەست بەسەر 15 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای میسان رایگەیاند، تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە 15 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ دەستگیرکران.

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کردووە، "دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری دروستی هەواڵگری و وەرگرتنی رەزامەندی دادگە، مەفرەزەکانی ئەمنیی میسان لە ئۆپەراسیۆنێکدا توانیان یەکێک لە بازرگانە هەرە گەورەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگاکە دەستگیربکەن لەگەڵ دەستبەسەرداگردتنی 14 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ و کیلۆگرامێک ماددەی حەشیش".

ئەوەشی هاتووە، "دوای لێپێچینەوە توانرا چوار لە ئەندامانی تۆڕەکە کە کاریان دابەشکردنی ماددەی هۆشبەر بوو لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا دەستگیربکەن و دەست بەسەر 13 ملیۆن دیناری عێراقیشدا بگرن".

جێی باسە، ئەندامانی تۆڕەکە رادەستی لایەنی یاسایی تایبەت بە کەیسی ماددەی هۆشبەر کراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.