کەسێک بە تۆمەتی دزینی 100 مسقاڵ زێڕ لەلایەن پۆلیسی سلێمانی دەستگیر دەکرێت

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێک دەستگیركراو دانی نا بەوەدا كە 100 مسقاڵ زێڕی لە شاری هەولێر(ئەربیل) دزیوە.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لەسەر سكاڵای چەند هاووڵاتییەک مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی - نووسینگەی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد".

ئەوەش هاتووە، "دوای ئەوەی چەند هاووڵاتییەک سكاڵایان تۆماركرد كە دزییان لێكراوە، پۆلیسی سلێمانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكردوو سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت كە لە گەڕەكەكانی كوردسات، بەختیاری، ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی و لە هەولێر دزی لەماڵان كردووە".

شایەنی باسە، تۆمەتبار (م ، أ ، ح لەدایكبووی 1999 –دانیشتووی شاری كەركوک)ـە و بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 443 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی ناوە بەتاوانەكانیدا و وتوویەتی كە لەشاری هەولێر بڕی 100 مسقاڵ زێڕی دزیوە و لەشاری كەركوک فرۆشتوویەتی.