تونێلی دەربەندیخان بەم نزیکانە بەڕووی هاووڵاتییان دەکرێتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی رایگه‌یاند، هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەڕووی شۆفێران بکرێتەوە.

فوئاد حەمەباقی، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی دەڵێت، ''هەنگاوەكانی نۆژەنكردنەوەی تونێلی دەربەندیخان لە كۆتایی نزیكبوونەتەوە و هەفتەی داهاتو تونێلەكە بەڕووی شۆفێران ‌و بارهەڵگرەكاندا دەكرێتەوە".

بەهۆی كاری نۆژەنكردنەوە لە تونێلی دەربەندیخان، ماوەی دوو مانگە تونێلەکە داخراوە و کاری بەردەوامیشی تیادا دەکرێت، به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم، بڕی 187 ملیۆن و 828 هەزار دیناری بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تونێلی دەربەندیخان تەرخانکراوه‌، لە 02-10ـی ئه‌مساڵدا، کارکردن تیایدا دەستیپێکردووە و ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە بەردەوامی کاری تیادا دەکرێت.

سەبارەت بە کردنەوەی تونێلەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی سلێمانی رایگەیاند، ''بڕیاربوو كۆتایی ئەم هەفتەیە تونێلی دەربەندیخان بەڕووی شۆفێران و بارهەڵگراندا بكرێتەوە، بەڵام کردنەوەکەی بۆ هەفتەی داهاتوو دواكەوتووە''.

فوئاد حەمەباقی، لەبارەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکەوە وتی، كارەكان بەكۆتا هاتوون و تونێلەكە بەشێوەیەكی مۆدێرن نۆژەنكراوەتەوە، كە رەچاوی سەلامەتیی هاتووچۆ کراوە و رووناككەرەوەشی بۆ داندراوە.