تورکیا و ئێران: هەر لایەنێک ببێتە هەرەشە بۆ سنوورمان، بەرەنگاری دەبینەوە
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • تورکیا و ئێران: هەر لایەنێک ببێتە هەرەشە بۆ سنوورمان، بەرەنگاری دەبینەوە

تورکیا و ئێران: هەر لایەنێک ببێتە هەرەشە بۆ سنوورمان، بەرەنگاری دەبینەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
تورکیا و ئێران: هەر لایەنێک ببێتە هەرەشە بۆ سنوورمان، بەرەنگاری دەبینەوە
0

لایک

سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆککۆماری ئێران ئیبراهیم رەئیسی لە تارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەردوو لایەن جەختیان لە هاریکاری و هەماهەنگی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی 7ـی 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆبوونەوە و دوا بە دوای کۆبوونەوەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا.

هاوکات رەئیسی لە کۆنفرانسەکەدا وتی، “بێگومان سەردانەکەی بەڕێز ئەردۆغان بۆ ئێران هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات. لە کۆبوونەوەکەماندا ژمارەیەکی زۆر سەردێرمان خستەبەرباس. بڕی 30 ملیار دۆلارمان دەستنیشانکرد وەکو قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش دەکاتە 3 هێندەی قەبارەی بازرگانی ئێستا کە لە نێوان ئێران و تورکیادا هەیە”.

سەرۆککۆماری ئێران وتیشی، “رێککەوتین لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستی گازی سروشتی کە 25 ساڵە. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەمان بە فراوانکردنی کاری وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵات دا”.

سەرۆککۆماری ئێران باسی لە بواری ئەمنی و ئاسایشی نێوان هەردوولا و هەماهەنگییەکان کرد و رایگەیاند، “دەکرێت رێکخراوە تیرۆریستییەکان ناوی جیاوازیان هەبێت، بەڵام هەر کەسێک ببێتە هەرەشە بۆ سەر گەلەکەمان و ئاسایشی سنووریمان، بێگومان دەبێت بەرەنگاری ببینەوە. پێویستە لە هەموو ناونیشانێکدا رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە. هەردوولا جەختمان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کرد”.

لەلایەکی دیکەوە سەرککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی، “ئامانجمانە قەبارەی بازرگانیمان بگاتە 30 ملیار دۆلار. لە ئێستادا قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە 7.5 ملیار دۆلار. بڕوام وایە بە هەنگاوی  پتەو دەتوانین بگەینە ئەو ئامانجەی کە دامانناوە”.

هەروەها ئەردۆغان وتی، “بەو هەنگاوانەی کە لە بواری پیشەسازی بەرگری دەنێین دەتوانین زووتر بەو ئامانجە بگەین. هەروەها دەتوانین لە سێکتەرەکانی نەوت و گازی سروشتی ئەمە بکرێت. وەکو تورکیا لە ساڵانی کۆتاییدا توانیمان لە بواری پیشەسازی بەرگری هەنگاوی گرنگ بگرینەبەر. بە گرنگییەوە لەو هاریکارییەی کە هەمانە دەڕوانم”.

بڕیارە ئەمڕۆ لووتکەی رووسیا، تورکیا و ئێران لە تاران بەڕێوەبچێت.