تورکیا: هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر بەنداوەکانمان نییە
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • تورکیا: هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر بەنداوەکانمان نییە

تورکیا: هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر بەنداوەکانمان نییە

شوبات 12, 2023 22:13
تورکیا: هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر بەنداوەکانمان نییە
0

لایک

وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، واحید کیریشجی رایگەیاند لەو ناوچاوانەی بوومەلەرزەکان گرتوونیەتەوە و دەوروبەری ئەم ناوچانە 140بەنداو و بەنداوی بچووک هەیە، وتی: “110یان بەنداو و 30ییان بەنداوی بچووکن. هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر ئاسایشی بەنداوەکانمان نییە”.

کیریشجی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئادانا بە بەشداری جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ژولیدە ساریئەرئۆغڵو لەبارەی دۆخی ئەو بەنداوانەی دەکەونە ئەو ناوچانەی بوومەلەرزەکان گرتوونیەتەوە بۆ میدیاکاران دوا.

کیریشجی بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە بوومەلەرزەکە 10 پارێزگای تورکیای گرتووەتەوە، بەوە لە بوومەلەرزەکانی دیکە جیا دەکرێتەوە کە دوو بوومەلەرزەی گەورە بە دوای یەکدا روویان داوە لە جوگرافیایەکی فراوان هەر لە میسرەوە بگرە تاکوو جۆرجیا هەستی پێ کراوە، گوتی: “لە ئەنجامی دوایین چالاکییەکاندا دەرکەوتووە بوومەلەرزەکە کاریگەری کردووەتە سەر ١٣ ملیۆن کەس لەسەر رووبەری 108هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە”.

واحید کیریشجی بە ئاماژەدان بەوەی لەو ناوچاوانەی بوومەلەرزەکان گرتوونیەتەوە و دەوروبەری ئەم ناوچانە 140 بەنداو و بەنداوی بچووک هەیە، وتی: “110یان بەنداو و 30ییان بەنداوی بچووکن. هیچ جۆرە مەترسییەک لەسەر ئاسایشی بەنداوەکانمان نییە. بە داخەوە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و ناڕاست کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر کارەکانی گەڕان و رزگارکردن. ئەم چەواشەکارانە وەک ئەوانە دەبینین کە لە ژێر داروپەردووی داڕووخاودا تاڵانکارییان ئەنجام داوە. هەروەها ئەو 172 وێستگەی هایدرۆ ئەلیکترییانەی لەو ناوچانە هەن هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەبووە. هەموو رۆژێک لەلایەن تیمە پەیوەندیدارەکانەوە بەنداوەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە. دەرکەوتووە لە کۆی 140 بەنداو و بەنداوە بچووکەکە 132یان پێویستییان بەوە نییە دەستەوەردانی خێرایان بۆ بکرێت و هەشت بەنداو و بەنداوە بچووکەکەی دیکەیش لەژێر چاودێریدان. لەنێو ئەو هەشتانەدا ئاوی هەریەک لە بەنداوەکانی سوڵتانسویو لە ماڵاتیا و بەنداوی بچووکی ئاریکڵیکاش لە عوسمانییە بەتاڵ کراون، ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی بەنداوی ئەتاتورک و یارسەلیش بڵاو کراونەتەوە دوورن لە راستی. سێ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانەوە لێکۆڵینەوە لەو دوو بەنداوە کراوە. هەندێک درز دروست بوون، بەڵام زوو زوو ئەو درزە بچووکانە دروست دەبن و نابنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی بەنداوەکان”.

ناوبراو ئاماژەی بەوەیش دا کە لەلایەن تیمەکانەوە بە بەردەوامی چاودێری ئەو بەنداوانە دەکەن کە دەکەونە سنووری سووریا و نۆکەندی عەفرینی بە نموونەی ئەمە هێنایەوە و وتی: “لە ئێستادا قەبارەی ئاوی رووباری ئاسی کە دەڕژێتە نۆکەندی عەفرینەوە لە چرکەیەکدا کەم بووەتەوە بۆ 91مەتر سێجا، بەردەوام لەلایەن تیمەکانی ئاو و ئاوەڕۆوە چاودێری دەکرێت و هیچ جۆرە مەترسییەکی لەسەر نییە”.