تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بۆی دەچن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بۆی دەچن

تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بۆی دەچن

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەیە کە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بۆی دەچن
0

لایک

یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری کوردستان رایگەیاند، تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن بۆی دەچن .

دوای بڕیاری کەرەنتین و هەڵگرتنی قەدەغەکان و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، رێژەی گەشتکردن بەشێوەیەکی بەرچاو هەنگاوی بەرەو پێش ناوە و زیادیکردووە .

ئاڕاستەی ئەو کەسانەی کە ماوەی ساڵێک کاردەکەن و لە هاویندا گەشتدەکەن، ئەو شوێنانەیە کە دەریای تیادا بەرجەستەیە . بەهۆی ئاسانی رێکارەکانی گواستنەوە و نزیکییەوە، تورکیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت گەشتیان بەرەو ئەنجام دەدرێت .

محەمەد زێباری، ئەندامی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری کوردستان سەبارەت بە زیادبوونی رێژەی گەشتکردن و ئەو وڵاتانەی کە لە ریزبەندی یەکەمدان بۆ گەشتکردن بۆی، بۆ مایکی تەبا دوا .

زێباری رایگەیاند، بەگوێرەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ رێژەی گەشتکردن بەرەو دەرەوەی وڵات زیادبووە و وتی، ” دوای کەرەنتین، رێکارەکانی خۆپارێزی کەمبووەوە . لە هەندێک وڵاتدا هێشتا رێکارەکان جێبەجێ دەکریت . بۆ نموونە، چین و ئازەربایجان، کەچی لە وڵاتەکانی دیکە هیچ رێکارێکی دژبە کۆرۆنا جێگای باسکردن نییە “.

زێباری ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ساڵی رابردوو ٧٥ ٪ رێژەی گەشتکردن بەرەو دەرەوەی وڵات زیادیکردووە و وتی، ” ئەگەر رێژەکە وەکو سەردەمی پێش کەرەنتین نەبێت، بەڵام بەگوێرەی ساڵی رابردوو رێژەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بە تەواوی زیادیکردووە “.

ناوبراو، تایبەت بە پرسی وڵاتان بەمەبەستی گەشتکردن بۆی رایگەیاند، ” ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی هاووڵاتییانی عێراق لە بەرچاو بگرین، زۆرترین رێژەی گەشتکردنیان ئاڕاستەکەی بەرەو تورکیا – یە . بە دیاریکراویش ئیستانبوڵ، لە مانگەکانی هاوینیشدا خواستی زیاتر لەسەر ئەنتالیا – یە “. ” ئیستانبوڵ دەرگایەکە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا “.

“ئیستانبوڵ دەرگایەکە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، چونکە هەردوو کەلتووری لەخۆگرتووە”

زێباری لە درێژەی وتەکانیدا رایگەیاند، ” لە وەرزی زستانیشدا زۆرتر خواستی هاووڵاتییانی عێراقی لەسەر ئیماراتی عەرەبی و وڵاتانی ئەوڕووپا هەیە “. ئاماژەی بەوەشکرد : ” هۆکاری بوونی خواستی زۆری گەشتکردن بەرەو تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوێنی گەشتیاری زۆری هەیە . ئیستانبوڵ دەرگایەکە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، چونکە هەردوو کەلتووری لەخۆگرتووە . بۆیە زۆربەی گەشتیاران خواستیان لەسەرییەتی. بوونی ئامرازەکانی گەشتیاری وای کردووە گەشتکردن بۆ تورکیا زیاتر ئاسان ببێت، لە سەرەتا تاکو کۆتایی رێگاکانی وەرگرتنی بلیت و خزمەتگوزارییەکانی گەشتکردن ئاسان بووە . ئەمجۆرە خزمەتگوزارییانەش لە تورکیا تا ڕاددەیەک زیادبووە “.

زێباری جەختی لەوەکردەوە کە لە تورکیا تا ڕاددەیەکی زۆر خزمەتگوزاری پێشکەشی گەشتیاران دەکرێت و وتی، ” بەداخەوە لە ناوچەکەماندا دەریا بوونی نییە . هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی رێژەی گەشتکردن بەرەو تورکیا ئەوەیە کە رێژەی شوێنی گەشتیاری لە وڵاتەکەدا زۆرە “.

“لە ماوەی هەفتەیەکدا ١٠٠ بۆ ١٢٠ گەشتی ئاسمانی ئەنجامدەدرێت ”

ئەو ئەندامەی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری کوردستان تایبەت بە دۆخی گەشتکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ( ئەربیل ) رایگەیاند، ” ئەگەرچی ئاماری تەواوم لەلا نەبێت بەڵام هەفتانە ١٠٠ بۆ ١٢٠ گەشتی ئاسمانی ئەنجامدەدرێت . رۆژانە ئامارەکان گۆڕانکارییان بەسەردێت . بۆ نموونە، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای ئاسمانی تورکی بوونی هەیە . بەمهۆیەوە بەگوێرەی وڵاتانی دیکە جیاوازی لە ژمارەی گەشتەکان بەدیدەکرێت “.

زێباری تایبەت بە رێکارە تەندروستییەکان وتی، ” گەشتەکان بە کارتی ڤاکسین ئەنجام دەدرێت، لەکاتی نەبوونی کارتی ڤاکسیندا، پشکنینی PCRـیان بۆ ئەنجام دەدرێت . لە ئێستادا هەندێک وڵات داوای پشکنینیش ناکات . لە ئەمساڵدا کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و کەرەنتین بەگوێرەی ساڵانی رابردوو کەمتر بووەتەوە “.

راپۆرت: نورخان کەرخی

فۆتۆ: موئمین محەمەد