بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەک لە هەولێر جێبەجێ دەکرێت
0

لایک

پارێزگای هەولێر(ئەربیل) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار بەردی بناغەی قیرتاوکردنی شەقامی 60 مەتری و شەقامەکانی ناوخۆیی چەند گەڕەکێکی دیکە دادەنرێت.

پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوژمەی زیاتر لە (2 ملیار دینار) بەردی بناغەی پرۆژەى قیرتاوکردنی شەقامى 60 مەترى و شەقامە ناوخۆییەکانی کەرتی 8 هەزاری و کەرتی 5 هەزاری گەرەکی فەرمانبەران دانرا.

لە بڵاوکراوەیەکدا پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 05-10-2022، لەژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى 4 و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، بەردی بناغەی پرۆژەى قیرتاوکردنی شەقامى 60 مەترى و شەقامە ناوخۆییەکانی کەرتی 8 هەزاری و کەرتی 5 هەزاری گەرەکی فەرمانبەران بەگوژمەى (2 ملیار و 59 ملیۆن و 93 هەزار و 500 دینار) لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بۆ ساڵى 2022-2023 دانرا، کە بەشێوەی بەڵێندەرایەتی جێبەجێدەکرێت و ماوەی تەواوکردنى پڕۆژەکەش(150) رۆژە.

لەبارەى پڕۆژەکە، پارێزگارى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دانیشتووانى گەڕەکى فەرمانبەران بەبۆنەى ئەنجامدانى ئەم پڕۆژانە، وتی، “ئەو بەڵێنەى کە جەنابى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەخەڵکى هەرێمى کوردستان و هەولێرى پایتەختى دابووى سەبارەت بە دەستکردن بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو جێگە و شوێنانەى کە پێویست دەکات دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزارییان پێبگات، ئەمڕۆ لە گەڕەکى فەرمانبەران و لەبەشێکى تری گەڕەک و شوێنانەکانى تریش ئێستا پڕۆژەیان لێ ئەنجامدەدرێت و بەشێکیش لە چەند رۆژى داهاتوودا پڕۆژەکان دەست پێدەکات، سەرجەمی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانەش لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، ئێمەش لە پارێزگاى هەولێر چى لەڕێگەى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانى هەولێرەوە بێت ئەوەى لە توانامان دابێت بەپێى ئیمکانیات و بودجەى بەردەست پڕۆژەى خزمەتگوزاریی ئەنجامدەدەین”.

وتیشی، “دڵنیایی بەهەموو خەڵکى گەڕەک و گوند و قەزا و ناحییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین، ئێمە لە تەواوى داواکارى و داخوازیی و خواستەکانتان دەگەین، پشتیوان بەخوداى گەورە بەپێى کات و دەرفەت و بودجەى پێویست بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان دەست بە ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەین بۆ هەموو شوێن و جێگایەکى سنوورى پارێزگاکەمان”.

پرۆژەى قیرتاوکردنی شەقامى 60 مەترى و شەقامە ناوخۆییەکانی کەرتی 8 هەزاری و کەرتی 5 هەزاری گەرەکی فەرمانبەران بەمشێوەیەیه‌:-

یەکەم/ قیرتاوکردنی شەقامى 60مه‌ترى لەگەڕەکی فەرمانبەران لە نێوان شەقامی 120مەترى خێرا و شەقامی کەندی کۆرنیش بە بری 69,000 مه‌تر دووجا و به‌ گوژمه‌ى 1ملیار و 259 ملیۆن و 768 هه‌زار و 500 دینار.

دووەم/ قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەرەکی فەرمانبەران کەرتی 8 هەزاری /قۆناغی دووەم کە 45 شەقام لە خۆ دەگرێت بە بری 49,000 مەتر دووجا و بەگوژمەى 754 ملیۆن و 600 هەزار دینار.

سێیەم/ قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکانی گەرەکی فەرمانبەران کەرتی 5 هەزاری کە لە 11 شەقام پێکهاتووە بە بری 17,000 مەتر دووجا و بەگوژمەى 262 ملیۆن و 31 هەزار دینار.