بەهۆی کەمبوونەوەی نرخی نەوت، عێراق ملیارێک دۆلار زیانی بەردەکەوێت

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی رابردوودا بەراورد بە مانگی تشرینی یەکەم، یەک ملیار دۆلار کەمیکردووە، هۆکارەکەشی بۆ کەمیی هەناردە و دابەزینی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-12-2022، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراوی مانگی رابردوو (تشرینی دووەم) رایگەیاند، "بەپێی ئاماری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق - سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا گەیشتووەتە 99 ملیۆن و 867 هەزار و 946 بەرمیل نەوت. داهاتی ئەو نەوتەش 8 ملیار و 231 ملیۆن دۆلارە".

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا 97 ملیۆن و 204 هەزار و 696 بەرمیل بووە. هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 363 هەزار و 20 بەرمیل".

بە تێکڕا رۆژانە، بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی نەوت، سێ ملیۆن و 329 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە (82,416) دۆلار فرۆشراوە.

هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی عێراق دوو هۆکارن؛ یەکێکیان ئەوەیە لە مانگی تشرینی یەکەمدا 104.8 ملیۆن بەرمیلی هەناردە کردووە و هەر بەرمیلێک نەوتیشی بە 88.5 دۆلار فرۆشتووە، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمدا، پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمتر فرۆشراوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش شەش دۆلار کەمتر بووە.