بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی سلێمانی 100 خوێندکار بە کاریگەری گازی فرمێسکڕێژ برینداربوون

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) رایگەیاند، لەکاتی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی، گازێکی فرمێسکڕێژ کەوتووەتە نێو قوتابخانەیەکی بنەڕەتییەوە و بەهۆیەوە 100 قوتابی بریندار بوون.

سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) بە میدیایێکی ناوخۆیی راگەیاندووە، "هێزە ئەمنییەکان دەڵێن، گازەکەیان بۆ بڵاوەپێکردنی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی هەڵداوە و ئەوان فڕێیانداوەتە نێو قوتابخانە بنەڕەتییەکە، بەڵام خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ئەوە رەتدەکەنەوە".

بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئێمە نازانین ئەو کارە کێ کردوویەتی، بەڵام چارەسەری پێویست بۆ هەموو قوتابییەکان کراوە و سەرجەم قوتابییەکان بەهۆی گازە فرمێسکڕێژەکەوە تووشی هەناسەتەنگی و سووربوونەوەی چاو بوون، چارەسەری پێویستیان لە قوتابخانەکە بۆ کراوە، هیچ کێشەیەکیان نەماوە و گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان".

ئەمڕۆ یەکشەمە 20ـی تشرینی دووەمی 2022، جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی خۆپێشاندانیان کرد داواکارییەکانیان پێدانی دەرماڵە بوو کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی پارالێل بوو.