بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکەوە کەسێک لە موسڵ برینداربوو

سەرچاوەی رووداوەکە لە بوونی کێشە لە سیستەمی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکە هاتووەتە ئاراوە

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی شاری موسڵ رایگەیاند، تەقینەوەکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە شەقامێکی لاوەکی روویداوە و بووەتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی کەسێک.

رۆژی هەینی 29-04-2022، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی ناوچەی کۆمەڵەی رۆشنبیریی موسڵ راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "کەسێکی سڤیل لەو تەقینەوەدا کە لەنێو ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئۆپڵ ڤێکترا لە شەقامێکی لاوەکیی شەقامی کۆمەڵەی رۆشنبیریی شاری موسڵ روویدا بریندار بووە و ئۆتۆمبێلەکەش سووتاوە".

شانەی راگەیاندنی ئەمنی هەروەها ئاشکرایکردووە کە پسپۆڕانی بەڵگەی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکارەکانی رووداوەکە کردووە.

شایەنی باسە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ئۆپڵ ڤێکترا بووە و لە سیستەمی بەنزینەوە گۆڕاوە بۆ گاز، بەپێی پسپۆڕانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی رووداوەکە بووەتە هۆی سووتانی ئەو ئۆتۆمبێلە و ئۆتۆمبێلێکی دیکە کە لە هەمان شوێن لە نێو کۆڵانێکی چێشتخانەی عەباسی لە ناوچەی کۆمەڵەی رۆشنبیریی شاری موسڵ راگیرابوون".