شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی شاری موسڵ رایگەیاند، تەقینەوەکە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لە شەقامێکی لاوەکی روویداوە و بووەتە هۆی سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی کەسێک.
رۆژی هەینی 29-04-2022، شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەبارەی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی ناوچەی کۆمەڵەی رۆشنبیریی موسڵ راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “کەسێکی سڤیل لەو تەقینەوەدا کە لەنێو ئۆتۆمبێلێک لە جۆری ئۆپڵ ڤێکترا لە شەقامێکی لاوەکیی شەقامی کۆمەڵەی رۆشنبیریی شاری موسڵ روویدا بریندار بووە و ئۆتۆمبێلەکەش سووتاوە”.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی هەروەها ئاشکرایکردووە کە پسپۆڕانی بەڵگەی تاوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکارەکانی رووداوەکە کردووە.
شایەنی باسە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ئۆپڵ ڤێکترا بووە و لە سیستەمی بەنزینەوە گۆڕاوە بۆ گاز، بەپێی پسپۆڕانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تەقەمەنی رووداوەکە بووەتە هۆی سووتانی ئەو ئۆتۆمبێلە و ئۆتۆمبێلێکی دیکە کە لە هەمان شوێن لە نێو کۆڵانێکی چێشتخانەی عەباسی لە ناوچەی کۆمەڵەی رۆشنبیریی شاری موسڵ راگیرابوون”.