بەهۆی بەفربارینەوە بە دەیان گەشتی ئاسمانی لە مۆسکۆ دواخران

ئەمڕۆ دووشەممە، بەهۆی بەفربارینی بەتین لە مۆسکۆ-ی پایتەختی رووسیا، 54 گەشتی ئاسمانی دواخران و 8 گەشتی دیکەش لە هەریەک لە فڕۆکەخانەکانی (فینۆکۆفۆ، دۆمۆدیدۆڤۆ و شیریمیتۆڤۆ) هەڵوەشێندرانەوە.

بەپێی زانیاریی ئاژانسە هەواڵییەکانی ناوخۆی رووسیا، ئەمڕۆ دووشەممە تا کاتژمێر 06:53 خولەک بە کاتی مۆسکۆ، 10 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی فینۆکۆفۆ دواخران و دووی دیکەش هەڵوەشێندرانەوە، لە فڕۆکەخانەی دۆمۆدیدۆڤۆ 22 گەشتی ئاسمانی دواخران و چواری دیکەش هەڵوەشێندرانەوە، هاوکات 22 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی شیریمیتۆڤۆ دواخران و دوو گەشتی دیکەش هەڵوەشێندرانەوە.

شایەنی باسە، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی باری لەناکاوی رووسیا هۆشداری لەبارەی کەش و هەوا دابوو، کە بەفربارینێکی بەتین بەڕێوەیە و سەرما و سۆڵەیەکی زۆریش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە لە ساڵی 1960 بەولاوە تائێستا سەرمایێکی بەوشێوەیە رووی لە رووسیا نەکردووە.