بەهۆی وشکەساڵییەوە لە وەرزی هاویندا، ئاستی ئاو لە رووباری راین کە یەکێکە لە رێگا بازرگانییە هەرە گرنگەکانی ئەڵمانیا بە رێژەیەکی زۆر بەرز کەمبووەتەوە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەدەن کە وشکەساڵی درێژخایەن و بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەکانی گەرما کاریگەرترین هۆکاری دابەزینی ئاستی ئاوە لە رووباری راین هاوشێوەی رووبارەکانی دیکە و زیاتر دابەزینی ئاستی ئاو بە واتای بەکارنەهێنانی ئەو کەشتییانە دێت کە باری قورسیان پێیە لە رووبارەکە و هۆشداریش لەوە دەدرێت کە ئەمە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر ئابووری.
پسپۆڕ لە ئەنیستیتوی فیدڕاڵی بۆ ئاو، باستیان کلەین رایگەیاندووە کە دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکە بەردەوام دەبێت و گوتی: “پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو کەمێک باران ببارێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو”.
فەرمانگەی دەریاوانی و رێگا ئاوییەکانی فیدڕاڵ رایگەیاندووە کە تاکو کۆتایی هەفتە چاوەڕێ دەکرێت ئاستی ئاو لە راینی ناوەڕاست ١٠ بۆ ١٥ سانتیمەتر کەم بکات.
رووباری راین یەکێکە لە رێگا ئاوییە هەرە قەرەباڵغەکانی جیهان و لە رێگای ئەم رووبارەوە کەشتیی گواستنەوەی کەلوپەل و شتومەک دێن و دەڕۆن.