بەهۆی بارانبارینەوە سێ ئەندامی خێزانێک گیان لەدەستدەدەن کە یەکێکیان سەربازی عێراقییە

بەپێی بڵاوکراوەیەکی پۆلیسی پارێزگای زیقار، شەوی رابردوو بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، سەقفی خانوویەک داڕماوە و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانی لەدەستدا کە یەکێک لەوان سەربازە لە ریزەکانی سوپای عێراق.

پۆلیسی فریاکەوتنی پارێزگای زیقار ئاماژەی بەوەکردووە، رووداوەکە لە قەزای شورتە لە باکووری پارێزگای زیقار روویداوە، سەرباری گیانلەدەستدانی ئەو سەربازە، دوو ئەندامی دیکەی خێزانەکەی گیانیان لەدەستداوە.

بەهۆی ئەو شەپۆلە باران بارینەی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، بەشێکی شه‌قامه‌كانی شاری نەجەف ژێرئاوكه‌وتوون و ئاو چووتە ماڵان و زەرەر و زیان بەر هاووڵاتیان کەوتووە و هاووڵاتیانیش رەخنە حکومەت دەگرن بەهۆی کەمتەرخەمی لەوەی ئامادەکاری پێشوەختە نەکراوە بۆ رووداوە سروشتییەکان.