بەسرە.. شەڕ و پێکدادان لە نێوان سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق دروستبوو

شەوی رابردوو، لە بەسرە شەڕە تەقە لەنێوان چەکدارانی سەرایا سەلام و عەسائبی ئەهلی حەق دروستبوو و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی بەسرە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، لە کاتی تێپەڕبوونی کاروانێکی سەربازیی چەکدارانی سەرایا سەلام بە بەردەم بارەگایەکی عەسائیبی ئەهلی حەق لە گەڕەکی برازعیەی پارێزگای بەسرە، لەلایەن چەکدارانی عەسائیبەوە تەقەیان لێکراوە و ئەوانیش بە تەقە وەڵامیان داونەتەوە، بەهۆیەوە دوو چەکداری سەرایا سەلام کوژراون و دووانی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەکە وتیشی، "هێزەکانی سوات لەنێو شاردا بڵاوەیان پێکراوە و رێگری لە جموجووڵ و هاتووچۆی سەربازی دەکەن، لە بەشێک لە گەڕەکەکان و بە تایبەتی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی قەدەغەی هاتووچۆیە".

لەمیانی رووداوەکەدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی شەڕەکەوە کوژراو و بریندار هەن و هێزە ئەمنییەکان دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی راشیگەیاند، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵی جیاواز بڵاوبووەتەوە لەبارەی رووداوی ئەمنی و تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە پارێزگای بەسرە. بۆیە روونی دەکەنەوە، بابەتەکە ئەوەیە رووداوێکی کوشتن و برینداربوون هەبووە، هێزە ئەمنییەکان ژمارەیەک گومانلێکراویان دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.