بەرەی تورکمانی عێراقی: پشتگیری لە مافی یاسایی و جێبەجێکردنی لە بەرژەوەندی پێکهاتەی کاکەیی دەکەین

بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ هاووڵاتییەکی کاکەیی دووپاتدەکاتەوە

بەرەی تورکمانی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا پشتگیری خۆی بۆ هاووڵاتییەکی کاکەیی دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، "بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە مافی یاسایی و جێبەجێکردنی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیی کاکەیی دەکەین و جەخت لە رێزگرتن و پشتگیریمان بۆ دامەزراوەی ئەمنیی عێراقی دەکەینەوە".

دەقی بەیاننامەکەی بەرەی تورکمانی عێراقی:

سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەو رەفتارە رەتدەکاتەوە کە بەرامبەر تاکێکی پێکهاتەی کاکەیی ئەنجامدراوە، کە دوورە لە کەلتووری ئەو پێکهاتە رەسەنەی عێراق.

لە هەمانکاتدا، بەرەی تورکمانی عێراقی دژایەتیکردنی لایەن و دامەزراوە ئەمنییەکان رەت دەکاتەوە کە لەپێناو پاراستنی ئەمن و ئاسایشی و ژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.

بەرەی تورکمانی عێراقی پشتگیری خۆی بۆ ئەو هەوڵ و دەستپێشخەریانەی کە هەیە بۆ بنبڕکردنی گۆشەگیری جیاکاری دەردەبڕێت و بەکارهێنانی یاسا و دادپەروەری بەرز دەنرخێنێت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، خێڵەکانی تورکمانیش یەک هەڵوێستی خۆیان دووپاتدەکەنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە ئاشتیانە.

لێرەوە دووبارە رێز و ستایشمان بۆ پێکهاتەی کاکەیی کە پێکهاتەی رەسەنی نیشتمانەکەمانن دەردەبڕین، کە شانبەشانی ئێمە لەدژی تیرۆر و لەپێناو ئاسایشی نیشتمانەکەمان جەنگاون، داواکارین لە رای گشتی بابەتەکە بەشێوەی دادپەروەرانە لە چوارچێوەی بەیەکەوە ژیان لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق چارەسەر بکەن.

بەرەی تورکمانی عێراقی
نووسینگەی راگەیاندن
کەرکوک 25ـی تەمووزی 2022