بەرھەم ساڵح: داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەم بە لێکتێگەیشتن قەیرانی سیاسی چارەسەر بکەن

بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، رایگەیاند کە بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، وڵات بەرەو گێژاوێکی ترسناک دەبات و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە لێکتێگەیشتن قەیرانی سیاسی چارەسەر بکەن.

بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق، رایگەیاند کە بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، وڵات بەرەو گێژاوێکی ترسناک دەبات و داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کە بە لێکتێگەیشتن قەیرانی سیاسی چارەسەر بکەن.
بەرھەم ساڵح بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٩ساڵ بەسەر کەوتنی بەغداد و کۆتاییھێنان بە دەسەڵاتی سەرۆکی رژێمی پێشوو، سەدام حوسێن پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە کە، دوای دوو دەیە لە گۆڕانکاریی، بەڵام ھێشتا عێراق بە رەوشێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت، بەتایبەتیش کە ئێستا رووبەڕووی چەقبەستووی سیاسی بووەتەوە و ھاتووە "ھیچ مایەی قبوڵکردن نییە کە دوای زیاتر لە پێنج مانگ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ھێشتا دەستکەوتە دەستوورییەکان لە وادەی خۆیدا جێبەجێ نەکراون".
لە پەیامەکەی سەرۆککۆماری عێراق-دا، ھەروەھا ھاتووە " گرنگە ئەنجامدانی چاکسازیی، دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و راستکردنەوەی رێڕەوە ھەڵەکان، باشترکردنی رەوشی ھاووڵاتییان و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، بکەین بە کۆدەنگی نیشتمانیی".
سەرۆککۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح راشیگەیاندووە: "بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، وڵات بەرەو گێژاوێکی ترسناک دەبات کە ھەمووان تیایدا دۆڕاو دەبن، ھەروەھا ئەمڕۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی، نیشتمانیی و خلاقییدان بۆ یەکخستنی نیشتمان".
بەرھەم ساڵح داوایشی لە لایەنە سیاسییەکان كردووه‌ بە لێکتێگەیشتن قەیرانی سیاسی چارەسەر بکەن و ھەوڵەکانیان بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی کارای نیشتمانیی بخەنەگەڕ کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی وڵات بپارێزێت.
ئەوەیش دوای ئەوە دێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوتی شوباتی رابردوو، ھەروەھا ٢٦ و ٣٠ی مانگی ئاداری رابردوو، ھەوڵیدا سەرۆککۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، بەڵام ھەوڵەکان سەرکەوتنی بەدەستنەھێنا، ئەوەیش بەھۆی رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمانی و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی یەکلاییکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.