بەرواری خۆپیشاندانی “ملیۆنی” دیاریکرا

ساڵح محەمەد عیراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە رایگەیاند، رۆژی شەممە کە دەکاتە 20ـی ئابی 2022، خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەدەچێت.

لە روونکردنەوەیەکدا ساڵح محەمەد سەدر، وەزیرەکەی سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر دەڵێت، "لە دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ لەگەڵ سەماحەتی موقتەدا سەدر جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی خۆپیشاندانی داھاتوو خۆپیشاندانێکی ئاشتیانە بێت و لە رووی ژمارەشەوە ھاوشێوەی نەبێت".

ناوبراو راشیگەیاندووە کە بڕیاردراوە خۆپیشاندانەکە رۆژی شەممە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٢ کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە گۆڕەپانی تەحریرەوە تا گۆڕەپانی ئاھەنگەکان درێژە بکێشێت.

شایەنی باسە لە رونکردنەوەکەدا وەزیرەکەی سەدر داوای لە لایەنگرانی رەوتی سەدر کردبوو کە "خۆپیشاندانی ملیۆنی دژبە گەندەڵی، میلیشیا و پارتە گەندەڵە دەسەڵاتدارەکان لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام بدەن".

ئەمەیش لە کاتێکدایە ھێشتا خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکەن کە ئەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.