بەرهەم ساڵح هۆشداری لە هەڵپەسێرانی کاروباری ئەنجومەی باڵای دادوەری دەدات

سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی هەڵپەسێرانی کاروباری ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، "هەڵپەسێرانی کاروباری ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێشهاتێکی مەترسیدارە".

لەراگەیەندراوێکدا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق هۆشداری داوە لە داخرانی دامەزراوەی دادوەریی لە وڵات دوا بە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەردەم بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ناوچەی سەوز.

لەراگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە دواهەمین پێشهاتەکان پێویستی بە هێورکردنەوە و پەرەپێدانی زمانی دیالۆگ و خۆ بەدوورگرتەوە لە هەر کێشەیەک کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە هەموو لایەک.

سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە کە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و گوزارشتکردن لە بۆچوونی تەواو لەرێگەی دەستوورەوە رێگەی پێدراوە و هاتووشە، "هەڵپەسێرانی دامەزراوەکانی دادوەریی پێشهاتێکی مەترسیدارە و هەرەشە لە وڵات دەکات. پێویستە کار بکرێت لەسەر پاراستنی بێلایەنیی و هەیبەتی دامودەزگاکانی دادوەریی".

ئەمڕۆ سێشەممە 23ـی 8ـی 2022، لایەنگرانی رەوتی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەستیان بە ناڕەزایی و مانگرتن کرد. دواجار ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڕیاری هەڵپەساردنی سەرجەم کارەکانی دەرکرد.