بەرهەم ساڵح: سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادیی رادەربڕین نییە

سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو کارە "ئازادیی رادەربڕین نییە" و بە "پەیامی رق و رەگەزپەرستی بۆ ئاژاوە و تووندوتیژی" ناوی دەبات.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە تویتەر لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید نووسیویەتی، "سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید ئازادیی رادەربڕین نییە، بەڵکو پەیامی رق و رەگەزپەرستییە بۆ ئاژاوە و تووندوتیژی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە کاتێکدا تۆماری مێژوویی سوید لە پشتیوانیی مافی مرۆڤ و پێشوازیکردن لە ئاوارە و تێکۆشەرانی ئازادی بەرز دەنرخێنن، هیوادارین یاسای پێویست پەسند بکات بۆ رێگرتن لەم جۆرە تاوانانە".

رۆژی هەینی 20-01-2023 لە خۆپێشاندانێکدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، راسموس پالودان، کەسایەتیی سیاسیی راستڕەوی توندڕەوی سویدی-دانیمارکی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی سووتاند و ئەمەش دەنگدانەیەکی گەورەی جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا.