بۆ یەکەمجار دوای 60 ساڵ ژمارەی دانیشتووانی چین رووی لە کەمبوونەوە کرد

چین، ئەو وڵاتەی ژمارەی دانیشتوانەکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسە، رێژەی لەدایکبوونەکانی بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کەسانی بەتەمەن لەنێو هێزی کاردا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە زاری چەند پسپۆڕێکی شیکارییەوە هۆشداریدا لەوەی، دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە چین رەنگە ببێتە بەربەست لەبەردەم گەشەی ئابووری ئەو وڵاتە و فشار بخاتە سەر گەنجینەی گشتی.

بە گوێرەی نووسینگەی نیشتمانی ئاماری چین، لە کۆتایی ساڵی 2022 ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە گەیشتە (ملیارێک و 411 ملیۆن و 750 هەزار) کەس، کە بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەکە 0،85 ملیۆن کەس کەمی کردووە.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی رابردوو 9,56 ملیۆن منداڵ لە چین لەدایکبوون و ژمارەی مردووان گەیشتووەتە 10,41 ملیۆن کەس.

دوایین جار کە چین کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی بەخۆوە بینی ساڵی 1960 بوو، کە وڵاتەکە بەهۆی سیاسەتی کشتوکاڵی کارەساتبارانەی ماوتسی تۆنگ، سەرۆکی ئەوکاتی چینەوە، تووشی خراپترین برسێتی بوو لە مێژووی هاوچەرخیدا.

چین لە ساڵی 2016 کۆتایی بە "سیاسەتی یەک منداڵ" هێنا کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا سەپاندبووی بەهۆی ترسی زیادبوونی زۆری ژمارەی دانیشتووان و لە ساڵی 2021 دەستیکرد بە رێگەدان بە هاوسەرەکان بۆ ئەوەی سێ منداڵیان هەبێت.