بۆیەکەمجار لەدوای ساڵی 2003ەوە، ئافرەتێکی تورکمان وەک وەزیری دارایی عێراق دەستبەکار دەبێت

دوای ئەوەی سێشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بڕیاری راسپاردنی ئیحسان عەبدولجەباری وەک وەزیری دارایی بە وەکالەت هەڵوەشاندەوە، لەسەر بڕیاری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە هەیام نیعەت کۆپرلوو، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پەرلەمان وەک وەزیری دارایی و ئابوریی بە وەکالەت دەستبەکاربوو.

وەزارەتی  دارایی و ئابووریی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، هەیام نیعەت مەحمود،  وەزیری دارایی و ئابووریی بە وەکالەت لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکەشدا ژمارەیەک دۆسیە تاوتوێ کراون، جەختیش کراوەتەسەر لەسەر ئەوەی پێویستە رۆڵی دامەزراوەکان بەهێزتر و چالاکتر بکرێت.

ئەوەش هاتوە، وەزیری دارایی بەرپرسانی وەزارەتی راسپارد هەمو تواناکانی خۆیان چڕبکەنەوە بۆ ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکەن و جەختیشی لەسەر گرنگی بوونی هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن کردوەتەوە.

هەیام نیعەت (تەمەن 61 ساڵ)، کانونی دوەمی ساڵی 2020 لەسەر پشکی پێکهاتەی تورکمان وەک وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق دەستبەکاربوو.

وەزیری نوێی دارایی بە وەکالەت بڕوانامەی ماستەری هەیە لە ژمێریاری و پێشوتریش لە وەزارەتەکانی پلاندانان و دەستەی دەروازە سنورییەکان کاری کردووە و بەرپرسیاریەتی هەبووە.