بزووتنەوەی ئیمتیداد: دەنگ بە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی نادەین

بزووتنەوەی ئیمتیداد کە خاوەنی نۆ کورسییە لە پەرلەمانی عێراق و لە ناوەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019 دروستبوو، رایگەیاند، بەشداری لە حکومەتی نوێدا ناکات و دەنگیش بە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی نادات.

مەسعە راجحی، سەرکردە لە بزووتنەوەی ئیمتیداد لە لێدوانێکدا باسی لەوەکرد، حکومەتی ئێستا لە ناوەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین دروست نەبووە و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانیش درێژەپێدەری هەمان حکومڕانی ئێستای دەسەڵات دەبێت کە "تۆمەتبارە بە خوێنڕشتنی عێراقییەکان و وەڵامنەدانەوەی گەل و مەرجەعییەت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بزووتنەوەی تشرینییەکان بەردەوامی هەیە و لەئێستادا لە نێوان ئیمتیداد و لایەنەکانی دیکە هەماهەنگی هەیە بۆ یەکخستنی وتار و کاری هاوبەش لە داهاتوودا، بەجۆرێک کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ و پێکهێنانی حکومەت، بەپێچەوانەوە بەشداری لە حکومەتی لایەنەکانی دەسەڵادا ناکەن.