برێت ماکگۆرک بۆ مەسرور بارزانی: جەخت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکەینەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • برێت ماکگۆرک بۆ مەسرور بارزانی: جەخت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکەینەوە

برێت ماکگۆرک بۆ مەسرور بارزانی: جەخت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکەینەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
برێت ماکگۆرک بۆ مەسرور بارزانی: جەخت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەکەینەوە
0

لایک

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەمە 26-01-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە برێت مەکگورک، هه‌ماهه‌نگیكاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا‌ ‌پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا، برێت مەکگورک، تیشکی خستە سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغداد و هەولێر(ئەربیل) و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بودجە و پرسەکانی دیکە. هەروەها جەختی لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە.

لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە رێگریکردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێم بنێردرێت تاوتوێ کرا. سەرۆکی حکومەت، نیگەرانی خۆی لە دەرچوونی بڕیارەکە دەربڕی کە ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.

هه‌ماهه‌نگیكاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی کەرتی وزە و باشترکردنی ژێرخانی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا دووپات کردەوە.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەموو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی وزە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێم. هەروەها هاوڕابوون لەسەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن.