جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هاوردەکردنی نەوت و گازی رووسیای بۆ وڵاتەکەی راگرت.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا لە کۆشکی سپی وتی “هەموو هاوردەیەکی نەوت و گاز و وزەی رووسی قەدەغە دەکەین. ئەوە واتای ئەوەیە کە نەوتی رووسیا چی دیکە لە بەندەرەکانی ئەمریکا قبووڵ ناکرێت و بەم جۆرەش خەڵکی ئەمریکا زەبرێکی دیکەی کوشندە لە پووتین دەدات”.
بایدن ئاماژەی بەوەکرد، بڕیارەکەی بە هاوئاهەنگی و “راوێژی نزیک” لەگەڵ هاوپەیمانەکانی داوە و رایگەیاند، بڕیارەکە کاریگەری لەسەر وڵاتەکەیشی دەبێت.
وتیشی “پارێزگاریکردن لە ئازادی باجی دەوێت و هەربۆیە بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ئێمەش لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت. کۆمارییەکان و دیموکراتەکانیش وەک یەک لەمە تێدەگەن. دیموکراتەکان و کۆمارییەکان وەک یەک دەزان کە دەبێت ئەم کارە بکەین”.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی یارمەتییەکانی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و سوپای ئۆکراینا رایگەیاند بە بەهای زیاتر لە 1 ملیار دۆلاری ئەمریکی پێداویستی بواری ئاسایشیان داوەتە ئۆکراینا. وتیشی “رۆژانە چەکی تایبەت بە بەرگریکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەگاتە ئۆکراینا. هەروەها ئێمە هاوئاهەنگی بۆ گواستنەوەی چەکی هاوشێوە رێکدەخەین. هەروەها یارمەتی مرۆییش پێشکێشی گەلی ئۆکراینا دەکەین”.