جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکرا کرد کە رووسیا لە ئۆکراینا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێناوە.
جۆ بایدن بە مەبەستی هەنگاونانی پێویست لە پرسی جەنگی رووسیا – ئۆکراینا لە کۆشکی سپی لەگەڵ زیاتر لە ٢٣٨ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمریکی کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند “پوتین هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەکردبوو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بەو شێوەیە یەگرتوو و هاودەنگ بن. لە ئێستادا وڵاتانی ناتۆ لەوپەڕی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستیدان، تاکە هۆکاری ئەمەیش پوتین-ە”.
بایدن ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتی ئۆقیانووسی گەورەش (هیندستان، ژاپۆن، ئوسترالیا) دژی رووسیا هاودەنگن. راشیگەیاند، کۆمپانیا ئەمرکییەکان لە رووسیا بە هەڵپەساردنی چالاکی و کارەکانیان گورزێکی گەورەیان بە ئابووریی رووسیا گەیاندووە. بایدن باس لەوە دەکات کە ئەمریکا لەماوەی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا جگە لە هاوکاری ئابووری بە بەهای دوو ملیار دۆلار هاوکاریی بەرگریشی پێشکەش بە ئۆکراینا کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات کە سووپای ئۆکراینا بە تێکشکاندنی تانک و هەلیکۆپتەرەکانی سوپای رووسیا گورزێکی “کوشندە”ی لە رووسیا وەشاندووە. وتیشی “هەر وەکو ئاگادارن هەفتەی رابردوو رووسیا لە ئۆکراینا مووشەکی هایپەرسۆنیکی بەکارهێنا. ئەمە دوا کارت بوو کە رووسیا توانی دژی ئۆکراینا بەکاری بهێنێت.هۆکاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە مووشەکە لەلایەن رووسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سوپا لە بارودۆخێکی خراپدایە. پوتین بەرلە دەستپێکردنی جەنگ، بەو رادەیە پێشبینی یەکریزی و بەهێزی سوپای ئۆکراینا و هەماهەنگی وڵاتانی ناتۆی نەکردبوو”.
بایدن بانگەشەکانی رووسیای لەبارەی ئەوەی “ئەمریکا لە ئۆکراینا تاقیگەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی هەیە” رەتکردەوە و هۆشداریدا لەوەی ئامانجی رووسیا لەو جۆرە بانگەشانە ئەوەیە چەکی لەو جۆرە لە ئۆکراینا تاقی بکاتەوە.