باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لەعێراق: کاردەکەم بۆ ئابووریەکی گەشەسەندوو لە هەرێم
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لەعێراق: کاردەکەم بۆ ئابووریەکی گەشەسەندوو لە هەرێم

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لەعێراق: کاردەکەم بۆ ئابووریەکی گەشەسەندوو لە هەرێم

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لەعێراق: کاردەکەم بۆ ئابووریەکی گەشەسەندوو لە هەرێم
0

لایک

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق، ئەلینە رۆمەناوسکی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێم نیشاندا و رایگەیاند، “کۆشش دەکەم بۆ برەودان بە ئاسایش و ئابوورییەکی گەشەسەندوو لە هەرێمەکە”.

ئەلینە رۆمەناوسکی لە رێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە کە لە رێگەی هەژمارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق لە سەرەتای پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی دەڵێت “ئەم کاتەتان باش” و پاشان وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق خۆی دەناسێت و بە زمانی ئینگلیزی درێژە بە قسەکانی دەدات.

ئەلینە رۆمەناوسکی کە گرتە ڤیدیۆییەکەی لەسەر قەڵای هەولێر تۆمار کردووە، دەڵێت: “خۆشحاڵم لێرەم لە هەرێمی کوردستان و لە قەڵای جوان و مێژوویی هەولێر”.

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت “زۆر چیرۆکی نایابم دەبارەی ھەرێمە جوانەکەتان بیستووە، لەو نێوەندەشدا کولتووری ھەمەڕەنگ و دەوڵەمەندنیتان”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەلینە رۆمەناوسکی سەرسامی بە میواندۆستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و رایگەیاند، “بەتایبەتی سەرسامی گەرموگوڕی و گیانی میواندۆستیتانم، بە خۆشحاڵییەوە دەڕوانمە ئەوەی کە لە نزیکەوە بتانبینم و سەردانی ھەموو ناوچەکانتان بکەم”.

ئەلینە رۆمەناوسکی بەئاماژەدان بە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت “دەستخۆشیتان لێدەکەم بۆ گیانی لەمێژینەی یەکترقبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەتان لە هەرێمەکەتان”.

دەشڵێت، “وەک باڵیۆزی ئەمریکا ئەو ھاوبەشییە تایبەتییەی نێوانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنم کۆشش دەکەم بەهێزتریشی بکەم لە رێی هەماهەنگیی و هاوبەشییە زۆرەکانی نێوانمان بۆ برەودان بە ئاسایش و ئابوورییەکی گەشەسەندوو لە هەرێمەکە”.

ئەلینە رۆمەناوسکی لە بەشێکی دیکە پەیامەکەیدا بە ئاماژەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، گوتی: “ئەمریکا و ھەرێمی کوردستان پێکەوە باشترن و ئەمەش بەردەوام دەبێت”.

باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووبارە بە زمانی کوردی دەڵێت گوتی: “زۆر سوپاس”.

ئەلینە رۆمەناوسکی لە دوای دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە عێراق، لە رۆژانی ١٥ و ١٦ حوزەیرانی ٢٠٢٢دا بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی و کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کۆبووەوە.