باوک و کچێک لە رووباری چۆمان خنکان

بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى سۆران رایگەیاند، دوو گەشتیاری بە رەچەڵەک عەرەب لە سنووری قەزای چۆمان، کە باوک و منداڵێک بوون، کەوتنە نێو رووباری چۆمان و کەمێک پێش ئێستاش تەرمی منداڵەکە دۆزراوەتەوە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی باوکەکەشدا.

بەڕێوەبەرایەتیىەکە رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئایاری 2022 کاتژمێر 04:40 خولەک منداڵێک لە رووباری چۆمان نزیک قوبەی گەڵاڵە کەوتە نێو رووبار و خنکا بە مەبەستی رزگارکردنی باوکی بەدوایدا خۆی فڕێدەداتە نێو رووبار و بە هەمان شێوە ئەویش دەخنکێت".

بەرگریی شارستانیی سۆران ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تیمەکانمان لە بەرگریی شارستانی توانییان تەرمی منداڵەکە بدۆزنەوە و دەریبهێنن و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، ئێستا تیمەکانمان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی باوکەکە، منداڵەکە رەگەزى کچە ناوی (دینە عەبدولڕەزاق عەبدولقادر) تەمەنی 11 ساڵە و باوکی ناوی (عەبدولڕەزاق عەبدولقادر عەبدولڕەزاق) تەمەنی 38 ساڵە و بە رەچەڵەک عەرەبن، دانیشتووی شاری هەولێر(ئەربیل)ـن و بە مەبەستی گەشت و سەیران روویان لەم ناوچەیە کردبوو".