بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری هەمەجۆر کردنی سەرچاوەی داهات دەداتە عێراق

بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدان لە بانکی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت، تا دێت لە جیهاندا پشت بەستن بە نەوت و غاز وەک سەرچاوەی وزە کەمتر دەبێتەوە و لەجێگەی ئەوان وزەی دۆستی ژینگە (وزەی خۆر و با) زیاتر دەبێت، بۆیە ئەگەر عێراق ئابووری وڵاتەکەی هەمەجۆر نەکات و تەنها پشت بە یەک داهات ببەستێت، چیتر دەرفەتی خۆگونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان لەبەردەم نامێنێت.

سلیم روحانا، بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدان لە بانکی نێودەوڵەتی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی نێودەوڵەتی زانیاری و شیکردنەوەی وردی سەبارەت بە داهاتووی نرخی نەوت لەبەردەست نییە کە هاوکات بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان، بەڵام لە دەرئەنجامدا جیهان بەرەو ئابوورییەک دەڕوات کە کەمتر ژینگە پیس بکات و کاربۆنی کەمتر بخاتە ناو هەواوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەم کاتەشدا بەکارهێنانی غاز رووی لە کەمبوون کردووە کە سەرچاوەیەکی ئاسانترە لەکاتی گۆڕینیدا و لەجێگەی ئەو وزەیە، سوود لە وزەی خۆر و با وەردەگیرێت.

دەشڵێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت لەلایەن ئەو دامەزراوە پیشەسازییانەی بەو وزەیە کار دەکەن، بەهای نەوت روو لە نزمبوونەوە دەکات، بۆیە وڵاتێکی وەک عێراق کە هەموو ئابوورییەکەی پشتی بە نەوت بەستووە داهاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە زۆر کێشەی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی ئاو و زەوی کشتوکاڵیشی هەیە و گرنگە وەبەرهێنان لەم بوارانەدا بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی.

ئەوەش دەخاتەڕوو، دەبێت عێراق تاکو ساڵی 2040، زیاتر لە 31%ـی بەرهەمهێنانی وزەی خۆی بۆ وزەی پاک بگۆڕێت، ئەوەش پێویستی بە وەبەرهێنان و کاری زۆر هەیە، بۆیە ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژەی مامناوەند و درێژمەودا لەو بوارانەدا لە عێراق بوونی نەبێت، چیتر دەرفە نامێنێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان.