بانکی رافیدەین نرخی دۆلار بۆ ئەم کەرتە کەم دەکاتەوە

بانکی رافیدەینی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییە حکومییەکان و سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراق، نرخی دۆلاری بۆ ئەو کەسانەی بەمەبەستی گەشتکردن پارە دەگۆڕنەوە کرد بە 144 هەزار و 500 دینار.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی بانکی رافیدەین بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی رێنماییە حکومییەکان و سایسەتەکانی بانکی ناوەندی عێراقدا، بانکی رافیدەین رایگەیاند، فرۆشتنی دۆلار بەمەبەستی گەشتکردن کەمدەکەنەوە بۆ 1445 دینار بەرامبەر هەر دۆلارێک.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو هاووڵاتیانەی دەیانەوێت دۆلار دەستبخەن دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی لقەکانی بانکەکە بکەن لە شەقامی فەڵەستین و فیردەوس و زەوییە لە کەرتی رەسافە و گەڕەکی عەرەبی و مەنسوور و گەڕەکی عامل لە کەرتی کەرخ.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە لقەکانی بانکەکە لە هەموو پارێزگاکان دەکرێنەوە و بە هەمان نرخ مامەڵە دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، رۆژانی پشووی سەری ساڵ، بانکی ناوەندی داناخرێت و دۆلار دەفرۆشێت لە رۆژانی پێنج شەممە و هەینی و شەممە و یەکشەمەی داهاتوو، ئەمەش لەپێناو ئەوەی زۆرترین دۆلار بخرێتە ناو بازاڕ و ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکەی.