بافڵ جەلال تاڵەبانی په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • بافڵ جەلال تاڵەبانی په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌

بافڵ جەلال تاڵەبانی په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
بافڵ جەلال تاڵەبانی په‌یامێكی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌
0

لایک

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاند، “پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە، دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات، خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مشه‌و له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، “لە ماوەی رابردودا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەكانەوە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سیاسی و ئابوریی ئاڵۆزدا تێپەڕی و کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان بەجێهێشت، ئەمەش خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەبوە و هەرگیز ئەو خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرەمان بە شایستەی نائومێدبون لە دۆخەکە و دروستکردنی دودڵی لەناویاندا نەزانیوە”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، “‏‎ئێمە لەپێناو ژیانی خەڵک و پاراستنی هەرێمەکەمان دەمانەوێت هەنگاوی دیبلۆماسی و بونیادنەرانە بنێین و سیاسەت ئامڕازێک بێت بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەوەک ترازان و دورکەوتنەوە، ئاشكراشە بژاردەی سەرەكی ئێمە هەمیشە تەبایی و یەكڕیزی بوە و بەهەموشێوەیەك دژی ناكۆكی و دوبەرەكی وەستاوینەتەوە”. 

بافڵ جەلال تاڵەبانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “یەكێتی دەیەوێت لەپێناو گوزەرانی خەڵک و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە، دۆخەکە بەرەو ئارامی و ئاشتەوایی ببات، سیاسەت بۆ ئێمە بریتیبوە لە بەهێزیی کورد و سەربەرزی خەڵکەکەی، لەم رێڕەوە مێژوییە لانادەین و درێژەی پێدەدەین، دەرگامان بۆ هەمو هێز و لایەنێك كراوەیە كە دەیەوێت بە رۆحێكی كوردانە و دور لە بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی كار بۆ چارەسەركردنی بنچینەیی كێشەكان بكات و خزمەتی هاوڵاتییان بكات بەبێ جیاوازی”. 

باسی له‌وه‌شكردووه‌، “‏‎دەبێت هەمومان ئەو راستییە بزانین کوردستان ئەو کاتە بەهێزترە کە متمانە لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا هەبێت و پێكەوە لەپێناو كوردستان و خەڵكەكەی خەبات بكەین، پێویستە تێبگەین سیاسەت بە عینادی و ناوزڕاندن ناکرێت و بەرپرسیارێتی گەورەمان بەرامبەر خاك و خەڵکەکەمان لەسەر شانە، دۆخی ئەمڕۆی هەرێم نەخوازراوە و سیاسەت بەمشێوەیە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکات، خەڵک، هێزە سیاسییەکان و كەسایەتییە سیاسی، ئایینی، كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەكانیش داوای چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر بەربەستەکانمان لێدەکەن، دروستكردنی پشێوی و هەڵای میدیایی هەرگیز هۆكارێك نەبوە بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك، بەڵكو ئامڕازێك بوە بۆ نائومێدكردنیان لە كۆی هێزە سیاسییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە وڵاتدا”.