ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوویەوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی بیروبۆچوون لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاڵوگۆڕ کراوە.
ئەوەش هاتووە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانیی کە رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و خواستی ئەمڕۆی ھاووڵاتییانی عێراق بێت.
لە بڵاوکراوەکەدا باس لەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کراوەتەسەر ئەوەی کە کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، جەخت لەوەکراوەتەوە کە گفتوگۆ و دیالۆگی بونیادنەرانە ھەنگاوێکی ئەرێنییە لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابووریی و ئەمنی لە وڵاتدا.
لە بەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، “پێشھاتەکان و گۆڕانکارییەکان وادەخوازێت ھەموومان پەرۆشی یەکڕیزی نیشتمانیی بین، پێویستە لە پێناو خەمی خەڵک و ئارامی سیاسی، ھەنگاوی کرداری بنێین لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری نیشتمانی”.